فێرخوازانى شیکارى کیمیایی پزیشکى تاقیگەیەکى خوێندنى باڵا بەسەردەکەنەوە
لە پێناو لە نزیکەوە ئاگاداربوونى فێرخوازانى بەرایی لە چۆنیەتى کارکردن لە تاقیگەکانى خوێندنى باڵا، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى زانستى بۆ تاقیگەى خوێندنى باڵا لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (2022/12/4) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر عومەران حوسین، فێرخوازانى قۆناغى دووەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی تاقیگەى خوێندنى باڵا لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێریان کرد و بەش و تاقیگە جۆراوجۆرەکانی کۆلێژەکەیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەوەش هەریەک لە مامۆستا و سەرپەرشتیارانى تاقیگەکە بەپێی پسپۆڕییەکەیان لە تاقیگەکان و ئەو تاقیکردنەوانەی ئەنجامی دەدەن زانیاریان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتی کارکردنی ئامێری پێوەری بڵێسە و ئامێرەکانی تر لە تاقیگەدا.
سەردانەکە بووە دەرفەتێک بۆ فێرخوازان بۆ ئاشنابوون بەکارى تاقیگەکە بەتایبەت دواى تەواوکردنى خوێندنى بەرایی و، سوود وەرگرتن لە تاقیگەکان بۆ توێژینەوەى زانستى و نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا، لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەى شێوازى کارکردن لە تاقیگەکە ئاراستەى مامۆستایانى سەرپەرشتیارى تاقیگەکان کرد.
لە کۆتایشدا، مامۆستاى سەرپەرشتیارى فێرخوازان، بەناوى سەرۆکایەتى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى کۆلێژى پەروەردە و تاقیگەى خوێندنى باڵا و بەشى کیمیاى کۆلێژەکەى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و، هیواى خواست ئەو جۆرە هەماهەنگیە بەردەوامى هەبێ.