فێرخوازانى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانی قوتابخانەی زانیارى نیوبریج دەکەن
بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕاهێنان و پەروەردەکردنى فێرخوازان بەخۆراکى تەندروست، گروپێک لە فێرخوازانى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە قوتابخانەی زانیارى نیوبریجى ناحوکومى سیمنارێکیان بۆ فێرخوازانى قۆتابخانەکە بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (27ی شوباتی 2023) بەسەرپەرشتى دکتۆر بێهناز شاهرخی سەحنە، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانی قوتابخانەی (زانیاری نیوبریجی ناحکومى)یان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن مامۆستا ڤیان عەبدول وەهاب بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.
پاشان فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سمینارێکیان پێشکەش بەفێرخوازان لە پۆلە جیاوازەکانى قوتابخانەکە کرد، کە تیایدا بەوردى باسیان لە پلاندانان بۆ بەرنامەکانی پەروەردەی خۆراک کرد و، وتیشان خۆراکى تەندروست یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکانی پسپۆڕانی خۆراکی کۆمەڵگەیی.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان؛ ڕێنمایی فێرخوازانى قوتابخانەکەیان کرد بۆ چۆنیەتى ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەو خۆراک و خواردنانەى کە بەسەرچون، یان تێکچوون، بۆ ئەوەش باسیان لەو نیشانە و ئاماژانە کرد، کە بەهۆیانەوە دەتوانن ئەو جۆرە خۆراکانە بناسنەوە، ڕونیشیان کردەوە ئەو جۆرە خۆراکانە کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر بارى تەندروستى مرۆڤ بەگشتى و منداڵان بەتایبەت دەبێ، بۆ ئەو مەبەستە ئامۆژگارى فێرخوازانى قوتابخانەکەیان کرد خۆیان لەو جۆرە خۆراکانە بپارێزن.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا؛ فێرخوازان باسیان لە خۆراکى تەندروست و گرنگى بۆ ژیان و جەستەى مرۆڤ کرد، لەو چوارچێوەیەشدا هانى فێرخوازانی قوتابخانەکەیاندا بایەخ بەو جۆرە خۆراکانە بدەن کە سودى بۆ جەستەیان دەبێن بەهێنانەوەى چەند نمونە و جۆرێک لە خۆراکى تەندروست کۆتایى بە سمینارەکەیان هێنا.