فێرخوازانى پزیشکى ددان تاقیگەیەکى ددان لە شارى هەولێر بەسەر دەکەنەوە
لە بەردەوانى ڕێکخستنى سەردانە زانستیەکانى بۆ فێرخوازان؛ ڕاگرایەتى کۆلێژى پزیشکى ددان سەردانێکى بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ تاقیگەى (ماستربيس) بۆ پزیشکى ددان لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕەنا خەلیل بەڕێوەچوو؛ فێرخوازان لەلایەن سامر عەبدۆ بەڕێوەبەرى تاقیگەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان بەشى دروستکردنى ددانی دەستکردیان بەسەرکردەوە، کە چەندین ئەرک لەو بەشەدا ڕایی دەکرێ، کە بریتین لە (تاج، پرد، ددانی درووست، ئامێری ڕاستکردنەوەی ددان و، چاندنی ددان).
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکان فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى چۆنیەتى دروستکردنى ددان و تایبەتمەندییەکانى دروستکردن بوون، لەهەمان کار و هەنگاوەکانى دروستکردنى ددانیان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بینى، بەتایبەت لە چۆنیەتى پێوانەکردن و هاوتاکردنی ڕەنگەکان.
ئەم سەردانە زانستییە بووە ئەزموونێکی دیکە بۆ فێرخوازان بۆ ئاشنابوون بە ژینگەى کارکردن لە بواری پزیشکی ددان.