فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى سەردانى لقى هەولێرى خاچى سور دەکەن
بەمەبەستى سوود وەرگرتن لە ئەزمونى دەوڵەمەند و مەیدانى خاچى سورى نێودەوڵەتى، سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بەسەرکردنەوەى لقى هەولێرى خاچى سورى نێودەوڵەتى ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر غەسان حسێن عەلى بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى چارەسەرى سروشتى لەلایەن دکتۆر هێدى بەڕێوەبەرى سەنتەرى چاکسازى جەستەیی (Physical Rehabilitation Centre – Erbil) لە لقى هەولێرى ڕێکخراوى خاچى سورى نێوەدەوڵەتى (ICRC) پێشوازییان لێکرا.
پاشان هاوەڵى کردن بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى سەنتەرەکە و، لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشناى چۆنیەتى چارەسەرکردنى فیزیایی و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە کران، کە ئەندامێکى جەستەیان بڕدراوەتەوە، هاوکات فێری چۆنیەتی گونجاندن و ڕاهێنانی نەخۆشیەکان بوون، بەتایبەت لە کاتى بە بەکارهێنانی ئەندامی دەستکرد لە ڕۆیشتن و ژیانی ڕۆژانەدا.
گەشتەکە بووە جێى سەرەنج و مایەتى خۆشحاڵى فێرخوازان و، جەختیان لەسەرئەوە کردەوە، کە سەردانەکە یاریمەتیدەریان بووە لە ئاشنابوون بە سەنتەرێکى مۆدێرن و، هەوڵەکانى چارەسەرى سروشتى.