فێرخوازانى کارگێڕى کار لە چالاکیەکی بەخشیندا؛ سەدان پەرتوکیان پێشکەش بەقوتابخانەیەک کرد
وەک بەشێک لە هەڵمەتە خۆبەخشى و چالاکیە کەلتورى و ڕۆشنبیرییەکانى بەشەکەیان، فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەدان پەرتوکیان پێشکەش بە قوتابخانەى شەهیدانى ڕزگارى کرد.
فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار، بەسەرپەرشتى دکتۆر قوسەى حەمید ئەسەلامى و مامۆستایانى یاریدەدەر دلۆڤان وریا و بوشرى زەینەڵ سەردانى قوتابخانەى شەهیدانى ڕزگاریان کرد و، بەگەرمى لەلایەن مامۆستا پەرێز جەوهەر محەمەد پێشوازییان لێکرا، پاشان نزیکەی ٦٠٠ کتێب لە هەموو پسپۆڕییە زانستی و ئەدەبییەکان پێشکەش بە کتێبخانەى قوتابخانەکە کرد و، دکتۆر قوسەى حەمید هیواى خواست فێرخوازانى قوتابخانەکە بتوانن سوود لە کتێبەکان وەربگرن و ئاستى ڕۆشنبیریان لە بوارە جیاکان پێ بەرز بکەنەوە.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرى قوتابخانەى شەهیدانى ڕزگارى سوپاسى مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ بەخشینى ئەو کتێبانە بە کتێبخانەى قوتابخانەکەیان.