فێرخوازانى کارگێڕى کار هەڵمەتى بەخشینى کتێبیان بەقوتابخانەکان دەستپێکرد
ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتى 15-5-2023 بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵمەتی بەخشینی کتێبى لە چوارچێوەی ئەو چالاکییە مرۆیی و خۆبەخشیەکانی دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکە لەسەر بانگهێشتى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکی بەشى بەشى کارگێڕى کار دەستپێکرد، کە تیایدا بانگهێشتی فێرخوازانى بەشەکەی کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکەدا، ئەوەش دواى ئەوە هات کە گروپێک لە مامۆستایان و فێرخوازان سەردانى قوتابخانەکانیان کرد و، یەکێک پێداویستییە سەرەکیەکانى قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکان بریتبوو لە کتێب.
قۆناخی یەکەمی هەڵمەتەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنى کۆمەڵێک کتێب بەکۆمەڵگەى پەروەردەیی شەهیدانى ڕزگارى لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە پارێزگای هەولێر، لەو هەڵمەتەدا، کە بەسەرپەرشتی دکتۆر قوسەی حەمید السلامی و مامۆستاى یاریدەدەری دلۆڤان وریا بەڕێوەچوو، گروپێک لە فێرخوازان لە قۆناغەکانی سێیەم و چوارەم سەردانى قوتابخانەکەیان کرد و، لەلایەن مامۆستا پەرێز جەوهەر محمد بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا.
دواى گفتوگۆکردن لەبارەى هەڵمەتەکە، مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان (420) کتێب و سەرچاوە لە بوارەکانى زانستی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری گشتی و سەریاوەى بەنرخیان پێشکەش بە قوتابخانەکە کرد، بەئامانجى پەرەپێدانى ئاستى ڕۆشنبیرى و زانستى و پەروەردەیی قوتابیانى قوتابخانەکە و، بڵاوکردنەوەى کەلتورى خوێندنەوە لە نێو قوتابیان.
هەڵمەتەکە بووە مایەى دڵخۆشى بەڕێوەبەر و مامۆستا و قوتابیانى قوتابخانەکە، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسى تایبەتى پێشکەش بەمامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، بۆ دەستپێکردنى ئەو هەڵمەتە گرنگە و، پێشکەشکردنى کتێبەکان بەقوتابخانەکەیان.