فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە گەشتێکی زانستی تاقیگەیەکى پزیشکى بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٧/١١/٢٠٢٤) ڕاگرایەتى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ تاقیگەی (بایۆ)ی تایبەت لە شارى هەولێر ڕێکخست.
ئەو گەشتە زانستیەکە، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هاوتا سەلام خالد و، یاریدەدەری تاقیگە ئایا قەیسەر ئیبراهیم بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن سرود جواد مەحمود و ستافەکەیەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان بە پەرۆشەوە سەردانى بەشەکانى تاقیگەکەیان کرد و، ستافى تاقیگەکە ئەوەیان ڕونکردەوە، کە تاقیگەی (بایۆ) یەکێکە لە تاقیگە پێشکەوتوەکان بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ نموونە جیاوازەکانی نەخۆش لە شاری هەولێر.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستای یاریدەدەر هاوتا سەلام خالد زانیاری زیاتری سەبارەت بە پرۆسەکانی تاقیگە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ڕونیکردەوە هەنگاوەکانى کارکردن لە تاقیگە بریتیە لە وەرگرتن و کۆکردنەوەى نموونە لە نەخۆشەکان، پاشان شیکاری کیمیایی، ئینجا شیکردنەوەی داتا و نوسینی ڕاپۆرت بۆ ئەنجامەکان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازان چەندین پرسیاریان ئاراستەى ستافی تاقیگەکە کرد و، گفتوگۆیان دەربارەی ئامێرەکانی تاقیگە و چۆنیەتى کارکردن لە تاقیگەى هاوشێوە کرد.