
فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان بەشداری لە چالاکیەکى زانستى تایبەت بە چاکسازی تەواوی دەم لە ڕێگەی چاندنی ددان دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 7, 2026
ڕۆژی سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانىی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان–هەولێر بەشدارییان لە سیمینارێکی زانستی کرد.
ئەو سمینارە، کە بەناونیشانی “چاکسازی گشتگیری تەواوی دەم لەڕێگەی چاندنی ددان”، لەلایەن “Advanced Made Group” ڕێکخرابوو، هەریەک لە (ژاڵە ڕەزوان عومەر، سیپان سابیر ئیسماعیل و، دانا جەبار عومەر) فێرخوازانى قۆناغى دووەم بە سەرپەرشتی مامۆستا ڕازان بورهانالدین محمد بەشدارییان لە سمینارە زانستیەکەدا کرد.
سیمینارەکە لەلایەن دکتۆر ھیوا کەریم پسپۆڕى بوارى ددان پێشکەشکرا، لە میانەى سمینارەکەیدا بەوردى باسی لە ڕێگە مۆدێرنەکان بۆ چاکسازی تەواوی دەم بە بەکارهێنانی چاندنی ددان کرد، هاوکات تیشکی خستە سەر چاندنى ددانی سەرەوە بە پاڵپشتی چاندنى ددان.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیدا پسپۆڕەکەى بوارى ددان سیستمی چاندنی دوو پارچەیی، هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی چاندنی ددان و، ستراتیژییە کلینیکیەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکانی چاندنى ددانى بۆ فێرخوازان شیکردەوە.
هەر لە سیمینارەکەیدا، دکتۆر هیوا کەریم هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی چاندنی ددانی ڕوونکردەوە، بۆ ئەوەش تیشکى خستە خراپی یەکگرتنی ئێسک، پشتگیری نەکردنی ئێسک، هەوکردنی دەوروبەری چاندن، شوێنی نادروستی چاندن و، بارگاویکردنی میکانیکی زۆر.
لە کۆتایشدا پسپۆڕەکەى بوارى ددان باسی لە ستراتیژییە کلینیکیەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکانی چاندن کرد و، جەختی لەسەر پلاندانانی چارەسەری دروست، کۆنترۆڵکردنی هەوکردن، پاراستنی چاندن و، ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی درێژخایەنی چاندن کردەوە.



