فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پزیشکی ددان لە دوبەی دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان – هەولێر، لە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى دکتۆر تارا كمال باجلان بەشدارییان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پزیشکی ددان (AEEDC)ی لە دوبەی کرد.
ئەو فێرخوازانە کە پێکهاتبوون لە سێ یەکەمەکانى فێرخوازانى قۆناغى دووەم، بەشێوەیەکى چالاکانە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، کە تیایدا کۆمەڵێک بەرنامەی زانستی تۆکمەی لەخۆگرتبوو و، سەرجەمیشیان تایبەت بوون بە پیشاندانی دوایین پێشهاتەکان و توێژینەوەکانی بواری پزیشکی ددان.
لە کۆنفرانسەکەدا، دیارترین پزیشکانی ئەم بوارە بە ئەزموون و زانیاری و توێژینەوەکانیان بۆ ئامادەبووان باسکرد، هاوتەریب فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە وۆرک شۆپ و گفتوگۆ زانستییەکان کرد.
هەر لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی یەکێک لە گەورەترین پیشانگەکانی کەرەستەی ددانیان کرد، کە ساڵانە لە سەنتەری بازرگانی جیهانی دوبەی بەڕێوەدەچێت و، تیایدا گرنگترین و نوێترین کەرەستە و تەکنیکی سەردەمیانە کە لە بواری پزیشکی ددان بەکاردەهێنرێن نمایش دەکرێن.