فێرخوازانى یاسا لە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ئاشناى کاروبارە دادگاییەکان دەکرێن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١١/٥/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتی هەر یەک لە دکتۆر عماد فتاح اسماعیل و مامۆستای یاریدەدەر هشام هاشم میکائیل، فێرخوازانى قۆناغی یەکەمی بەشی یاسا لە کۆلێژی یاسا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی جیهان- هەولێر سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێریان کرد.
مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن پارێزەری ڕاوێژکار ئەیاد کاکەیی پێشوازیان لێکرا، ئینجا لەلایەن (هیوا فریق دزەیی) ئەندامی داواکاری گشتی بابەتێکى پێشکەش بەفێرخوازان کرد، لە میانەى بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕێکخستنی کاروبارى دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند دەقێکی گرنگی یاسای دادبینی شارستانی بۆ فێرخوازان بەنمونە هێنایەوە و لایەنەکانى ڕوونکرەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لە لایەن دادوەر ( مسعود سعید صديق) دادوەری دادگەی باری کەسی هەولێر پێشوازیان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستەش وانەیەکى لەبارەى کارەکانی دادگای باری کەسی و جۆری داواکان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بەهێنانەوەى چەند نمونەیەکى زیندو باسەکەى دەوڵەمەندکرد.