
لە ئامادەیی شەهید کۆچەریی کوڕان؛ گروپێک لە فێرخوازانی بەشی یاسا باس لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن
- Categories بەشی یاسا
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان:
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 19/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەم لە بەشی یاساى زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر سامان حەسەن عەلى سیمینارێکی هۆشیاریی یاسایییان دەربارەی «یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان» بۆ قوتابی لە ئامادەییی شەهید کۆچەریی کوڕان ئەنجام دا.
دەستپێکی سەردانەکە
لە کاتی گەییشتنیاندا، فێرخوازانی بەشی یاسا لەلایەن سمیر ڕوستەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ژێکاف مامەند، توێژەری کۆمەڵایەتی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان دەستیان بە پێشکەشکردنی تەوەرە یاسایییەکانی سیمینارەکە کرد.
شیکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و سزاکان
لە بڕگەی یەکەمدا، ئەحمەد مستەفا فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى یاسا باسی لە هۆکارەکانی دەرچوونی یاساکە و جۆری سزاکانی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کرد وەک ئەوەى لە ماددە یاسایییەکاندا هاتووە. پاشان فێرخواز فاتیمە ئەبوبەکر کاریگەرییە خراپەکانی ماددە هۆشبەرەکانی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی خستە ڕوو.
کاریگەرییە دەروونییەکان و ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەیییەکان
لە تەوەرێکی دیکەدا، فێرخواز هاوژین موحسین ڕوونکردنەوەی وردى لەبارەی ئەنجامە دەروونی، تەندروستی و دارایییەکانی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لەسەر تاک پێشکەش بە قوتابیان کرد. لە کۆتایی سیمینارەکەشدا، فێرخواز محەمەد شکور تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خێزان، قوتابخانە و، زانکۆ لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی یاسایی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە.
ئەنجامی سیمینارەکە
سیمینارەکە بە دانیشتنێکی ئاڵوگۆڕی پرسیار لەنێوان فێرخوازانی زانکۆ و قوتابیانی قوتابخانەکە کۆتایی هات. لە کۆتاییدا، سمیر ڕوستەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەییی شەهید کۆچەریی کوڕان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە یاسایییە.



