فێرخوازانی بەشى ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆیی ئاشنای قۆناغەکانی دروستکردنی کەلوپەل و دیزاینی ناوماڵ لە (گالەری شام) بوون
سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠/٢/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ کۆمپانیای (Gallery Sham) ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (جەنائن ڕەشید عەبدولکەریم) بەڕێوەچوو، لە کاتی سەردانەکەدا، فێرخوازان لەلایەن (هاودەنگ فەتاح عەلی) پێشوازییان لێکرا و ،ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلی دەربارەی سروشتی کاری کۆمپانیاکە و ڕۆڵی لە دیزاینکردن و دابینکردنی کەلوپەل بۆ پڕۆژە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان پێشکەش کردن. هاوکات باسی لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنان کرد، کە لە خوێندنەوەی داواکاری کڕیار و داڕشتنی بیرۆکەی دیزاینەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە هەڵبژاردنی ماددە گونجاوەکان و قۆناغی جێبەجێکردن و کۆتاییهێنان ،هەروەها ئاماژەی بە جۆرە جیاوازەکانی ستایلی کەلوپەل و گرنگی وردی لە ڕەهەندەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاسوودەیی بەکارهێنەر و ڕێکخستنی فەزای ناوەوە کرد.
جگە لە لایەنە دیزاینییەکە، فێرخوازان ئاشنای ئەو ماددانە بوون کە لە پیشەسازی کەلوپەلدا بەکاردێن، وەک دار (سروشتی و دەستکرد)، کانزاکان و قوماش، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی هەر یەکێکیان. جگە لەوانەش هاودەنگ فەتاح جەختی لەسەر کوالێتی جێبەجێکردن کردەوە و فێرخوازانی فێر کرد چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کوالێتی پارچەکان بکەن لە ڕێگەی پشکنینی وردەکارییەکان و پتەویی دروستکردنەکەی. ئەم سەردانە دەرفەتێکی باش بوو بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم تا تێبگەن چۆن بیرۆکەیەکی سەر کاغەز دەگۆڕدرێت بۆ بەرهەمێکی ڕاستەقینە و چۆن هاوسەنگی لە نێوان جوانی و بەکارهێناندا دروست دەکرێت.







