
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزیی وۆڕکشۆپێک دەربارەی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئامادەیی زانست پێشکەش دەکەن
- Categories بەشی زمانی ئینگلیزی
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 18/10/2026، گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆڕکشۆپێکی هۆشیارییان بەناونیشانی «کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی ئەکادیمیی قوتابییان» بۆ قوتابیانی پۆلی یازدەیەم بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مروە مەحموود ئامین لە ئامادەییی زانست ئەنجام دا.
دەستپێکی سەردانەکە
سەرەتا فێرخوازان لە کاتی گەییشتنیان، لەلایەن سداد ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەهیرە محەممەد محەممەدعەزیز، مامۆستای پۆل بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان، فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشی زمانی ئینگلیزی دەستیان بە پێشکەشکردنی بڕگەکانی وۆڕکشۆپەکە کرد.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە بڕگەی یەکەمى چالاکیەکەیاندا، هەریەک لە سیاڤ هێرش رامز و محەممەد ئەحمەد، فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی، باسیان لە چەمکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (Social Media) و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەسەر قوتابییان کرد.
هەروەها تیشکیان خستە سەر سوودە پەروەردەیییەکانی، لەوانەش دەستگەیشتن بە سەرچاوە فێرکارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویییەکانی زمانی ئینگلیزی (English Language Skills)، لەگەڵ خستنەڕووی زانیاری لەبارەی پەرتەوازەبوونی سەرنج و بەفیڕۆدانی کات لە بەرامبەر شاشەکاندا.
پەیوەندیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاستی خوێندنەوە
لە تەوەرێکی دیکەدا، هەریەک لە سارە حەبیب ئەحمەد و صبا ئەیاد عەبدولواحید، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی، تیشکیان خستە سەر پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستی ئەکادیمی.
بۆ ئەوەش پێشکەشکاران باسیان لە ئامادەکارییەکانی خوێندن، بەڕێوەبردنی کات (Time Management)، دواخستنی کارەکان (Procrastination) و تەرکیزکردنی کرد، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بەکارهێنانی زێدەڕۆیانە لەسەر ئامادەکردنی ئەرکەکانی ناو ماڵ و بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا.
ستراتیژییەکانی بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان
سەبارەت بە چارەسەرە کردارییەکان، هەریەک لە شایان پشتیوان و عماد عیسى، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی، باسیان لە ستراتیژییە پرۆسەیییەکان کرد بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.
بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر گرنگیی ڕێکخستنی کاتی بەکارهێنانی شاشەکان (Screen Time) و، کەمکردنەوەی هۆکارەکانی سەرقاڵبوون لە کاتی خوێندن کرد، هاوکات باسیان لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان بۆ ئامانجی فێرکاری و هێنانەدیی هاوسەنگییەکی تەندروست لەنێوان چالاکییە ئەلیکترۆنییەکان و بەرپرسیارێتییە ئەکادیمییەکاندا کرد.
گفتوگۆکانى وۆڕکشۆپەکە
وۆڕکشۆپەکە بە ئاڵوگۆڕی پرسیار و سەرنجەکان لەنێوان فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر و قوتابیانی پۆلی یازدەیەم کۆتایی هات، کە تێیدا قوتابییان ئەزموونەکانی خۆیان خستە ڕوو.
لە کۆتاییدا، سداد ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە فێرکارییە.



