فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە سەنتەری تەندروستی سەروەران پەرە بە توانا پراکتیکییەکانیان دەدەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢/٢/ ٢٠٢٥)، فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر لە چوارچێوەی ڕاهێنانە ئەکادیمی و کردارییەکانیان، بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن) سەردانی بنکەی تەندروستی سەروەرانیان کرد و، دەرفەتێکی بەنرخیان بۆ فێرخوازان ڕەخسا بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی پراکتیکی لە دەستنیشانکردنی تاقیگەیی و پشکنینی پزیشکی جۆراوجۆر، کە پەیوەندییان بە بواری خۆراکەوە هەیە.
لە کاتی گەیشتنیان؛ فێرخوازان لەلایەن (بەڕێز پەرستۆ جەلیل)بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان دەرفەتى بۆ فێرخوازان ڕەخساند بۆ ئاشنا کردینان بە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی کلینیکی و بایۆکیمیایی سەرەتایی بۆ هەڵسەنگاندنی باری خۆراکی و دەستنیشانکردنی پزیشکی، بۆ ئەوەش فێرخوازان پشکنینیان بۆ ژمارەی تەواوەتی خوێن (CBC) و، ڕێژەى چەوری و ئاستی شەکر لە خوێن و کارکردنی جگەر و گورچیلە و پشکنینی کەمی ڤیتامین و کانزاکانیان کرد، بەو پێیەى ئەم پشکنینانە ڕۆڵێکی گرنگ لە هەڵسەنگاندنی دۆخی خۆراک و بارودۆخی تەندروستی وەک کەمخوێنی و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان؛ دەگێڕن.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان دەرفەتی ئەوەشیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشناى گرنگی پشکنینی تاقیگەیی لە پلانەکانی خۆراکی بوون، ئەوەش لە ڕێگەى کارلێککردن لەگەڵ پسپۆڕانی تاقیگەی پزیشکی، کە ڕوونکردنەوەیەکی وردیان سەبارەت بە بنەماکانی ئەنجامدانی پشکنینی جۆراوجۆر، گرنگی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی نمونەکان و، چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد . ئەم سەردانەى فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر دوپاتکردنەوەى هەوڵە بەردەوامەکانیەتى بۆ ڕەخساندنى ئەزمونە کردارییەکان لە ژینگەى کارکردن.