فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر بەسەردەكەنەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانی و مرۆییەکانیدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٦، بەشێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولوود)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ (ماڵی بەساڵاچووان لە هەولێر) ئەنجامدا.
لە سەرەتای گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن (ئاسۆ قادر)، سەرپەرشتیار لە ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان بەشە جیاجیاکانی ماڵەکەیان بەسەرکردەوە بۆ تێگەیشتن لە شێوازی ژیان و ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییانەی پێشکەش بە بەساڵاچووان دەکرێت. پاشان سەرپەرشتیار لە ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر، بەشێوەیەکى ورد و زانستیی جەختی لەسەر “بایەخی پاراستنی کەرامەت و پێگەی بەساڵاچووان” کردەوە و ڕوونی کردەوە کە ئەم توێژە سەرمایەیەکی گەورەی مەعریفی و ئەزموونیی کۆمەڵگەن، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانیان، کەرامەتی مرۆییان لە هەموو بارودۆخێکدا پارێزراو بێت. هاوکات تیشکی خستە سەر “ناسینی لایەنە دەروونی و جەستەییەکانی تەمەنە جیاوازەکان”، بەتایبەت ئەو گۆڕانکارییە دەروونییانەی کە لە تەمەنی پیرییدا ڕوودەدەن. باسی لەوە کرد کە چۆن دەکرێت بە شێوازێکی درووست مامەڵە لەگەڵ خەمۆکیی تەمەنی پیری و هەستی تەنیایی بکرێت.
لە كۆتایی چالاكییەكەدا، بەڕێوەبەرایەتی ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر سوپاسی مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی كرد بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە و، جەختی لەوە كردەوە ئەو جۆرە چالاكییانە هانیان دەدەن خزمەتی زیاتری بەساڵاچووانی نێو كۆمەڵگەكەمان بكەن.







