
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چۆنیەتی ناسینەوەی هەواڵی ساختە بۆ فێرخوازانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر دەخەنەڕوو
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 31, 2026
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکكەوتی 27/10/2026، گرووپێك لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود، سیمینارێکیان بە ناونیشانی (چۆنیەتی ناسینەوەی هەواڵی ساختە) بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕێبەری گەشتیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش کرد. فێرخوازان لەلایەن دکتۆر ئیدریس ئەحمەد حەمەئهمین، یاریدەدەری سەرۆك بەشی ڕێبەری گەشتیاری پێشوازییان لێ كرا.
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز محەممەد ئەیاد گرنگیی پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی هەواڵەکان و چۆنیەتی جیاکردنەوەی هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ساختەی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە. هەروەها، جەختی لەسەر پشکنینی سەرچاوەی هەواڵ پێش بڵاوکردنەوەی کردەوە.
دواتر، فێرخواز دڵزار زرار باسی لە ڕۆڵی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و کاریگەرییان لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگا کرد. هەروەها، ئاماژەی بەوە دا کە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادرووست دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر بۆچوون و تێگەیشتنی خەڵک هەبێت، بۆیە پێویستە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکان بکەن.
لە بەشی سێیەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز محەممەد سامی گرنگیی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی پێش بڵاوکردنەوەیان خستەڕوو و، ڕوونی کردەوە کە پێویستە هەواڵەکان لەگەڵ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەراورد بکرێن، بۆئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و زانیاریی نادرووست بکرێت.
لە کۆتاییدا، دكتۆر ئیدریس ئەحمەد سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن كرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە و بەشدارییان لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی میدیایی و ناسینەوەی هەواڵی ساختە.



