فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەپۆڵنداوە کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى پاشماوەکان لە عێراق دەکات
لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە پۆڵندا، لە چوارچێوەى بابەتى پاراستنى ژینگە، فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى پاشماوەکان لە عێراق دەکات.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (4/11/2024) بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر ماگدالینا ڤاڤێرکۆڤا(Magdalena Vaverkova) پرۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوەکان لە هەموو جیهان ڕاگەیندرا، بەئامانجى خزمەتکردن بە پاراستن و پاکڕاگرتنى ژینگە لە وڵاتان، بۆ ئەو مەبەستەش سەلمان مەرهەم محەمەد لە بەشى (پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەبەر ڕۆشنایی پرۆژەکە؛ بڕیاریدا کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى پاشماوەکان لە عێراق بکات، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: “پاراستنى ژینگە ئێستا یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان و، هەوڵى جۆراوجۆر بەتایبەت لە بوارى زانستى دەدرێ بۆ چۆنیەتى کارکردن لە بوارەکە، بۆیە ئێمەش وەک فێرخوازێکى نێودەوڵەتى و، عێراقیش وەک بەشێک لە ژینگەى جیهان هەوڵدەدەین بەهاوکارى فێرخوازانى نێودەوڵەتى لە زانکۆکە بە بیرۆکەیەک کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بکەم”.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان لە ماوەى ڕابردودا چەندین پڕۆژەى جیایان بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنى ژینگە ئەنجامداوە بەتایبەت لە هەڵمەتى نەمام چاندن، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش ئەخوازێ کارى جۆراوجۆر بەڕێوەبەرێت، هەربۆیە زانکۆى جیهان-هەولێر پشتگیرى لەو جۆرە هەوڵەى فێرخوازانى دەکات.