فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئاڵمانیا بەشدارى لە چالاکیەکى پزیشکى دەکات
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠٢٤) لە زانکۆی چاریتێ (CHARITÉ) لە ئاڵمانیا، کە یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانە فێرکارییەکانى ئەوروپا، چالاکیەکى پزیشکى بەناونیشانى (back pain:This will make your back fit again) بەڕێوەچوو، کە تیایدا هاجەر کەنعان قۆناغى سێیەمى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى تێدا کرد.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەى ڕێکەوتنامەیەکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە پۆڵندایە، وەک بەشێک لە چالاکیەکى زانکۆکە سەردانى ئاڵمانیاى کردوە بۆ بەشداریکردن لەو چالاکیە زانستیەدا، هاوکات لە پەراوێزى چالاکیەکەدا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر مید ئانێت ڕیسهاوەر (med. Anett Reißhauer) بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی فیزیایی و پسپۆڕی پزیشکی جەستەیی و چاکسازی لە نەخۆشخانەى فێرکارى و زانکۆی چاریتێ (CHARITÉ) گفتوگۆی لەبارەى هاوکارییەکان لە بوارى چارەسەرى سروشتى کرد.
زانکۆی چاریتێ (CHARITÉ) بە یەکێک لە دامەزراوە پزیشکییە دیارەکانی جیهان دادەنرێت، کە لە ساڵی (١٧١٠) دامەزراوە، خاوەن ستافێکی پەروەردەیی و توێژینەوەى زانستى ئاست بەرزن، لە بواری پزیشکیشدا زۆرێک لە پرۆفیسۆرەکانی خەڵاتی نۆبڵیان بەدەستهێنا.
هەر لە ماوەى مانەوەى لە ئاڵمانیا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى مۆزەخانەی فیوتۆریۆم (Futurium) لە ئاڵمانیا کرد و، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى مۆزەخانەکەدا ئاشناى گرنگترین تەکنەلۆژیای پزیشکی داهاتوو بوو، لەوانە زیرەکی دەستکرد لە دەستنیشانکردن و چاپکردنی سێ ڕەهەندی ئەندامەکان و ڕۆبۆتی نەشتەرگەری، لەگەڵ ئەوەش نوێترین ئامێرەکانى تایبەت بە پەرەپێدانى بەردەوام، کە خزمەت بە پرسە گرنگەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە دەکەن نمایشکراوە، لەگەڵ ئامێرەکانى تایبەت بە ڕۆڵی ژینگە لە تەندروستی و، تەکنەلۆژیای بەردەوام لە چاودێری تەندروستیدا.