فێرخوازێکى پەرستارى تەندروستی کۆمەڵ لە شارۆچکەى بەحرکە سمینارێک لەبارەى شێرپەنجەی مەمک پێشکەش دەکات
وەک بەشێک لە ئەرکەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە لە بوارە جیاکانى تەندروستى و، لە چوارچێوەى هاندانى سەرۆکایەتى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ بۆ فێرخوازانى لە قۆناغە جیاکان بۆ پیشاندان و هەوڵ و توانا زانستیەکانیان، لە مانگى هۆشیارى بەرنگاربونەوەى شێرپەنجەى مەمک؛ فێرخوازێکى پەرستارى تەندروستی کۆمەڵ لە شارۆچکەى بەحرکە سمینارێک پێشکەش دەکات
خەڵات عومەر، کە فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵە لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە مانگى هۆشیارى بەرنگاربونەوەى شێرپەنجەى مەمک زنجیرەیەک سمینارى پێشکەش کرد، هەر لەو بوارەدا لە سەنتەرى ڕێکخراوى مەسەلە لە شارۆچکەى بەحرکەى شارى هەولێر سمنارێکى پێشکەش کرد.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیدا سەرەتا کورتەیەکى لەبارەى نەخۆشى شێرپەنجەى مەمک پێشکەش بەئامادەبوان کرد، پاشان باسى لە هۆکارەکانى توشبون بەو نەخۆشیە کرد، دواتریش زانیاری دروست و زانستى لەبارەى چۆنیەتى ڕێگریکردن لە توشبون بە نەخۆشیەکە پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، لە کۆتایشدا باسى لە ڕێگەکانی دەستنیشادکردن و چارەسەری نەخۆشیەکە خستەڕوو.