لە زانکۆى جیهان-هەولێر، فێرخوازان چەقى فێربونن
بەئامانجى بەرزکردنەوەى تواناى زانستى فێرخوازان و ئاشنابوون بەچۆنیەتى نوێترین داهێنان و بەرهەم و پێشکەوتنە زانستیەکان، زانکۆى جیهان-هەولێر جیاواز لە زانکۆکانى دیکە، لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى گرنگیەکى زۆر بەفێرخوازان دەدات بۆ بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆنفرانسە و وۆرکشۆپە زانستیەکان.
نوێترین چالاکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو بوارەدا، بەشداریکردنى گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بوو لە کۆنفرانسێکى نێودەوڵەتى، کە لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا لە وڵاتى سعودیە بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕووى دارایی و کارگێڕى پشتگیرى و کارئاسانى تەواویان بۆ کرا، تا بتوانن بەشێوەیەکى کاریگەر بەشدارى لەو کۆنفرانس و پێشبڕکێ نێودەوڵەتیەدا بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، گروپێک لە فێرخوازانى دەستەبژێرى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە وڵاتى سعودیەدا بەشداریان لە پێشبڕکێیەکى نێودەوڵەتى جامی شوڕشگێڕانی ژەهراویبوونی عەرەبی (KSAPT2022) کرد. لە پەراوێزى پێشبڕکێیەکەدا، کۆنفرانسێکى زانستى بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر توێژینەوە نوێیەکان و دواین پەرەپێدان و داهێنانی نوێی تەندروستی و بەکارهێنانی ئامێرى زیرەک لە بواری دەرمانسازى و ژەهرناسیدا، ئامانج لە ڕێکخستنى ئەو کۆنفرانسە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پزیشکیی بوو لەنێو فێرخوازانى فاکەڵتی و کۆلێژ و بەشە پزیشکییە جیاوازەکان سەبارەت بە ژەهراویبوون و چۆنیەتی دابینکردنی چاودێری پزیشکی بۆ حاڵەتەکانی ژەهراویبوون.
هەر لە پەراوێزى ئەو پێشبڕکیەدا، کە بەبەشدارى ٢٦ زانکۆ لە وڵاتانی عێراق، سعودیە، میسر، سودان، فەلەستین، بەحرەین، و سەڵتەنەتى عومان بەڕێوەچوو ژمارەیەک وۆرکشۆپ لەلایەن پسپۆڕان و توێژەرانى بوارەکە پێشکەشکران، کە تایبەت بوون بەم بوارانە (توێژینەوەکانی کەیس لەسەر بنەمای ھاوشێوەکردن (SIM-shop) بۆ بەڕێوەبردنی باوترین حاڵەتە فریاگوزاریەکانی ژەهراویبوون، شێوازی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشانی سەرخۆش. هەروەها زیرەکی دەستکرد لە ڕێڕەوێکی پیشەییدا).
لە بەشێکى دیکەى ڕۆژانى کۆنفرانسدا، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆ بەشدارەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەو مەبەستەش شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک دیدار و کۆبونەوەى زانستیان لەگەڵ زانکۆکان ئەنجامدا و، تیایدا بەوردى تیشکیان خستەسەر چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکان بەتایبەت لەبوارى کۆنفرانس و وۆرکشۆپى زانستى و ئاڵوگۆڕى شارەزایی و ئەزمونى یەکتر کرد.
ئەو پێشبڕکێیە، کە بەچاودێری یەکێتی زانکۆ عەرەبیەکان ئەنجامدرا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامە و قەڵغانی بەشداربوونیان پێشکەشکرا.