لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ڕۆژى ئاڵا مەراسیمێکى فراوان بەڕێوەچوو
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٢) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان و فێرخوازان و، ژمارەیەک لە میوانان لە گۆڕەپانى زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێک بۆ پیرۆزکردنى ڕۆژى ئاڵا مەراسیمێک بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند وتەیەک پێشکەشکرا، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر لە وتارێکدا دواى پیرۆزکردنى ڕۆژى ئاڵا، ئاماژەى بەمێژوى هەڵکردنى باڵاى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە وتى: وەک ئاشکرایە بۆ یەکەم جار لەمێژوودا، لە ڕێکەوتى (١٧/١٢/١٩٤٥) لەشارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکرا، پەڕلەمانى کوردستانیش لە ڕێکەوتى (١٧/ ١٢/٢٠٠٩) لەکۆبوونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بەرۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، بۆیە هەموو ساڵێک لە رۆژێکى ئاوادا مەراسیم و سمینار و چالاکى جۆرا جۆر و تایبەت بۆ ڕۆژى ئاڵا رێک دەخرێت، مایەى خۆشحاڵیمانە ئێمەش وەک زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: لە ڕابردودا لە سایەى ئەم ئاڵایەدا ئاگرى شۆرش و بەرخودانى گەلى کورد دژ بەدوژمنانى میللەتەکەمان بلێسەى سەندوە و، گەلەکەمان لەپێناو بەدیهێنانى ڕزگارى نیشتیمانى و ئامانجە باڵاکانى و سەربەخۆی یەکجارەکى، بەهەزاران گەنج و لاوى بەخشیوتە ڕێگەى خەبات تا دەسکەوتەکانى ئەمڕۆ بەدیهاتوون.
سەبارەت بەئەرکى داهاتوى فێرخوازان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: ئەرکى فێرخوازان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، کە ڕوەو ئایندە هەنگاو بنێین و، لە ژێر سایەى شەکانەوەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان، بەپێى پسپۆڕییەکانتان خۆتان پڕ چەک بکەن بە زانست و زانیارى سەردەم، تا لە داهاتوودا هەریەکێکتان لە گۆشەیەکى جیا بەشدارى بکەن لە بونیادانەوەى ژێرخانى و سەرخانى نیشتمیانەکەمان، چونکە ئەم خاکە لە ڕابردودا بەردەوام کراوەتە ناوچەى یەکلایکردنەوەى ململانیەکان و، دەرفەت بەخەڵکەکەى نەدراوە تا هەواى ئاسودەیی و خۆشگوزەرانى هەڵمەژێ و، بیر و هزرى بۆ داهێنان و پێشکەوتن تەرخان بکات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ئێوەى فێرخواز شانبەشانى برا پێشمەرگەکانتان لەسەنگەرى خەبات و بەرگرى لە ئاڵا و خاک و نیشتیمان، ئێوەش خۆتان بۆ زانست و مەعریفە زانیارى تەرخان بکەن.
لە کۆتای وتەکەشیدا ڕۆژى ئاڵاى کوردستان لە دایکى شەهیدان بەتایبەت و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و تەواوى خەڵکى کوردستان پیرۆز کرد.
هەر بەو بۆنەیەوە؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى لە پێشکەشکرد و، تیایدا سەربارى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە لە فێرخوازان، هانیدان پەرە بەتوانا زانستیەکانیان بدەن، تا ئاڵاى کوردستان هەمیشە گەشاوە بێت و، لە ژێر ئەو ئاڵایەش بتوانن خزمەت پێشکەش بەگەلەکەیان بکەن.
لە کۆتاى مەراسیمەکەدا لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، میوانانى ئامادەبوو؛ ئاڵاى کوردستان لە گۆڕەپانى زانکۆ بەرز کرایەوە و فێرخوازانیش بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێیان سازکرد.