لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی بەڕێوەچوو
هەفتەى ڕابردوو، بەچاودێرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکى فریاگوزارى سەرەتایی کردەوە.
لەو خولەدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستایانی یاریدەدەر (ئارام محمد و شاڵاو فارس) بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە فێرخوازان و مامۆستایان لە هەریەک لە زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر و زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەشداریان تێدا کرد.
خولەکە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام، لە ڕۆژانى خولەکەدا مامۆستایانى سەرپەرشتیار بەشێوەیەکى زانستى بەشداربوانیان بە شێوەیەکى تیورى و پراکتیکى بە وردەکارییەکانى فریاگوزاری سەرەتایی ئاشناکرد، بەتایبەت تەکنیکەکانی ( بنەماکانی فریاگوزاری سەرەتایی، دوورینەوە، دانانی کانیولا، خوێن وەرگرتن و پێوانەکردنی پەستانی خوێن)، بۆ یارمەتیدانی تاکەکانى کۆمەلگە و رزگارکردنی ژیانیان. هاوکات بەشداربوان زانیاری تەواویان لەبارەى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەکاتی رووداوە نەخوازراوەکانی وەکوو (ڕووداوی هاتوچۆ، سووتان، شکان،شۆک، خنکان و لەهۆشچوون) وەگرت.
لە کۆتاییدا خولەکە بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوانى خولەکە دابەشکرا، هەروەک سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشکەش بە مامۆستایان کرا.