لە مانگى هۆشیاری ڕوبەڕوبونەوەى شێرپەنجەی مەمک؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٣) و، لە بەردەوامى هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستى هۆشیاری لەبارەى نەخۆشى شێرپەنجەی مەمک، گروپێک لە فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ئامادەیی فینک تایبەت-یان لە شارى هەولێر کرد و سمینارێکیان پێشکەش کرد.
سەرەتا فێرخوازان، لەلایەن عەبدولقادر بەرزنجی خاوەنی پڕۆژەی قوتابخانەی نیشتمانی فینک پێشوازییان لێکرا، پاشان سەردانى پۆلەکانى خوێندنیان کرد و، لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیاندا باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک بۆ فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش باسیان لە هۆکارەکانی توشبون و گرنگی پشکنینی بەردەوام کرد، هاوکات باسیان لە کاریگەرییە دەروونییەکانی شێرپەنجەی مەمک لەسەر نەخۆشەکان و خێزانەکانیان کرد، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر پێویستیی پشتیوانی و تێگەیشتن بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
سمینارەکە بووە جێى سەرەنجى فێرخوازان و، بۆ ئەوەش باسیان لەوە کرد، کە پێشتر زانیارییەکى ئەوتۆیان لەسەر نەخۆشیەکە نەبووە، بۆ ئەوەش سوپاسى فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هیواشیان خواست لەو جۆرە چالاکیانەیان بەردوام بن.