لە وۆرکشۆپێکی زانستیدا؛ بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان نوێترین تەکنیکەکانی بەکارهێنانی “زیرکۆنیا” لە ددانسازیدا تاوتوێ کرد
بەشی تەکنیکى دروستکردنى ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەتمەندی بە ناونیشانی “چەندان لەسەر ژێرخانەکانی زیرکۆنیا: ڕێگەکانی بینایی و پێکهاتەیی” لە هۆڵی VIP بەڕێوەبرد.
لەو چالاکییەدا، کە بە ئامادەبوونى فێرخوازان و مامۆستایانى بەش بەڕێوەچوو، فێرخوازان و پسپۆڕان بە نوێترین پێشکەوتنەکانی بواری پڕۆسثۆدۆنتیکس و بەکارهێنانی ماددەی زیرکۆنیا لە دروستکردنی دداندا ئاشناکران، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا مامۆستای یاریدەدەر (مەحمود عەبدوڵا ئەحمەد) سەرۆکی بەشی تەکنیکى دروستکردنى ددان، بابەتێکی زانستی پێشکەش کرد و، بە وردی تیشکی خستە سەر پێکهاتەی بلووریی زیرکۆنیا و تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیاییەکانی ئەم ماددەیە. دواتر (کاوان ساڵح عوسمان) پسپۆڕ و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، وانەیەکی پراکتیکی دەربارەی ڕێگەکانی چینکردنی سیرامیک و کاریگەرییە بیناییەکانیان لەسەر جوانکاریی ددان پێشکەش کرد، کە تێیدا سوودەکانی زیرکۆنیای فرەچینی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.
بەشێکى دیکەى بەرنامەی وۆرکشۆپەکە بریتى بوو لە نمایشێکی ڕاستەوخۆی تەکنیکەکانی دروستکردنی سیرامیک، کە تێیدا ستراتیژییەکانی باشترکردنی دیزاینی ژێرخانەکانی زیرکۆنیا نیشان دران. لە میانەى گفتوگۆکانى ئامادەبوان شارەزایان جەختیان لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی سیرامیکی (فێڵدسپاتیک) لەسەر بنەمای زیرکۆنیا، هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان جوانی و هێزدا دروست دەکات. ئەم وۆرکشۆپە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ فێرخوازان تا لە ڕێگەی ڕاهێنانی دەستییەوە ئاستی پیشەیی خۆیان بەرز بکەنەوە.







