لە چیک فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى مۆزەخانەی نیشتمانی دەکات
لە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (3ی شوباتی 2025)، هاجەر محەمەد عەلی فێرخوازى بەشی چارەسەرى سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پەراوێزى قۆناغەکانى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، سەردانی وڵاتى چیکى کرد و، مۆزەخانەی نیشتمانی (Národní muzeum)ی لە پراگ بەسەرکردەوە، کە گەورەترین و کۆنترین مۆزەخانەیە لە کۆماری چیک و، مێژوى دامەزراندنى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1818) و لەلایەن کاسپار ماریا ڤۆن ستیرنبێرگ دامەزراوە، کە زیاتر لە( 14) ملیۆن شوێنەواری تێدایە، لە بوارەکان سروشت، شوێنەوارناسی، هونەر، مۆسیقا، و ئەدەبیات.
لەم سەردانەیدا، هاجەر محەمەد عەلی بەدواداچوون بۆ لایەنە جۆراوجۆری پیشانگەیەکە کرد و، تێڕوانینێکی لەبارەى کۆمەڵگەکان لە سەردەمی پێش مێژووەوە بەدەستهێنا، هەروەک نمایشکردنی شوێنەوارە کۆنەکان لە پیشانگەیەکە تێگەیشتنێکی قووڵتری لە شارستانییەتە سەرەتاییەکان زیاتر بەخشى بەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر، هەروەها کارە هونەرییەکانى سەدەی ناوەڕاست و داهێنان و پەرەسەندنی هونەری و، وردەکاریی کارە ئاڵۆزەکان و کاری دەستی لایەنێکى دیکەى مۆزەخانەکەن، کە ئاماژە بوون بۆ دەوڵەمەندی لایەنى کەلتووری و دەستکەوتە هونەریەکانی ئەو سەردەمە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشی مێژووی سروشتیی پیشانگەیەکەشى بەسەرکردەوە و ئاشناى هەمەجۆرى بایۆلۆجی و پەرەسەندنی ژیان لەسەر زەوی بوو، بەو جۆرە سەردانەکە بووە ئەزموونێکی دەوڵەمەند، کە بەهۆیەوە زیاتر ئاشناى لایەنى مێژوو و کەلتوور و جیهانی سروشتی بوو.