هیوا بەرزنجى کتێبى ” گوتاری بازاڕسازی لە سۆشیال میدیادا” ناساند و بەسەر فێرخوازاندا دابەشى کرد
لە چالاکیەکى زانستیدا، کە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆنفرانسەکان، بەئامادەبونى مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، نوسەر و میدیاکار هیوا بەرزنجى کتێبى ” گوتاری بازاڕسازی لە سۆشیال میدیادا” ناساند و، دواتر بەسەر فێرخوازاندا دابەشى کرد.
لەو چالاکیەدا، کە لەلایەن بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخرابوو، لەسەرەتادا هیوا بەرزنجى باسی لە گرنگی کاری میدیایی گریمانەیی و پێویستی تێکەڵکردنی لەگەڵ لایەنی ئەکادیمی و چۆنیەتی تەرخانکردنی لایەنی تیۆری بۆ میدیای پیشەیی دەکرد، پاشان بە کورتى باسى لە ناوەڕۆکى کتێبەکە و بەشە جیاکانى کرد، هەروەک کتێبەکەى بەسەرچاوەیەکى گرنگى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە قەڵەمدا و، هیواشى خواست ببێتە بنەماکى گرنگ بۆ ئەو فێرخوازانەى هەوڵى بەرزکردنەوەى زیاترى ئاستى زانستیان دەدەن.
پاشان تێیدا گفتوگۆیەکی کراوە و بەسوودیان لەگەڵ ئامادەبووان مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەبارەى بابەتەکە کرد، لە کۆتایشدا کتێبەکەى وەک دیارى پێشکەش بە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کرد.
نوسەر و میدیاکار هیوا بەرزنجی لە زۆرێک لە دامەزراوە جیاکانى ڕاگەیاندن وەک پەیامنێر و ڕاهێنەر و پێشکەشکاری بەرنامە کاری کردووە و، بەشداری زۆرێک لە خولی ڕاهێنانی میدیایی کردووە و، هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە بوارى ڕاگەیاندن.