هەڵە شیکردنەوەى چەمکەکان لە وتنەوەى وانەى زمانى ئینگلیزى
مامۆستاى ياريدەدەر (ازر عادل میرۆ) مامۆستا لە بەشى زمانى ئینگلیزى زانکۆى جیهان-هەولێر توێژینەوەیەکى زانستى بەناونیشانى (هەڵە شیکردنەوەى چەمکەکان لە وتنەوەى وانەى زمانى ئینگلیزى بەبەکارهێنانى شیکردنەوەى ناوەڕۆک ) لە گۆڤارى (ئاداب فەراهیدى) بڵاوکردەوە.
گۆڤارەکە لەلایەن کۆلێژى ئادابى زانکۆى تکریت دەردەکرێ و، توێژینەوەکەش لە مانگى کانونوى دووەمى ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە.
توێژەر لە خستنەڕووى گرنگى توێژینەوەکەیدا دەڵێ: زمانى ئینگلیزى زمانێکى جیهانیە و، بەیەکێک لەو زمانانە دادەنرێت کە وەک ئامرازى گەیاندن و وانەوتنەوە لە سەرانسەرى جیهان بەکاردێ، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ژمارەى بەکارهێنەرانى ئەو زمانە و قسەپێکەرانى لەسەر ئاستى جیهان گەشەکردنێکى گەورەى بەخۆیەوە بینووە، هەربۆیە بابەتى زمانى ئینگلیزى لە زۆربەى زۆرى وڵاتان بۆتە یەکێک لەو بابە سەرەکیانەى کە پێویستە فێرخوازان فێرى ببن و وەک وانەیەکى پابەندى لەناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان لە زانکۆ و قوتابخانەکان مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆر هەڵەى باو هەیە لە کاتى قسەکردن بەزمانى ئینگلیزى، هەر ئەوەش بۆتە هۆکارى ڕەخساندنى ئاست و دۆخێکى دیاریکراو کە چاوەڕێى بونیادنانى زمانێکى ئینگلیزى ئاست بەرز نەکرێ، هەربۆیە ئەو توێژینەوەیە بەدواى وەڵامى ئەو پرسیارەدا دەگەڕێ، کە ئەو هەڵە باوانە چیە کە فێرخوازانى زانکۆ لە نێوان خۆیان و لەکاتى قسەکردن بەزمانى ئینگلیزى بەکارى دەهێنن.
لە ئەنجامى توێژینەوەکەیدا، توێژەر کۆمەڵێک خاڵى خستۆتەڕوو و کۆمەڵێک گرفتى دۆزیوەتەوە، کە بوونەتە هۆکارى بەردەوامبوون لەسەر بەکارهێنانى ئەو چەمک و دەستەواژە هەڵانە، هەربۆیە توێژەر ئەم توێژینەوەیەکى بەبابەێکى گرنگ لە قەڵەمداوە بەتایبەت بۆ ئەو مامۆستا و فێرخوازانەى دەخوازن لە دووبارکردنەوەى ئەو هەڵە باوانە دوور بکەونەوە.