يارى كۆتایی خولى تۆپى سەرمێز بۆ فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو
یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز بۆ فێرخوازانى بەشە زانستییە جیاکانى زانکۆى جیهان -هەولێر بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوو، کە لە نێوان فێرخوازێکى بەشى زمانى ئینگلیزى و، فێرخوازێکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان ئەنجامدرا.
سەرلەبەیانى ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠٢١) لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز لە نێوان یاریزانان (یاسر محەمەد) فێرخواز لە بەشى زمانى ئینگلیزى و، (سەردار تەیب) فێرخواز لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامى یارییەکەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و هاندەران بەڕێوەدەچوو، لە ئەنجامدا یاریزان (سەردار تەیب) فێرخواز لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە(سفر) ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یارییەکە بباتەوە.
بۆ بایەخدان بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، کە فێرخوازان لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشدارى لە یارییەکاندا دەکەن و توانا وەرزشییەکانیان دەخەنەڕوو.
یارى تۆپى سەرمێز بەوە لە یارییەکانى دیکە جیا دەکرێتەوە، کە پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە یاریزانان زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.