پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى بابل کرد
بۆ تاوتوێکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە پڕۆفیسۆر دکتۆر مەهند عباس شەلاه ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى بابل کرد.
لە دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (22/11/2023) بەئامادەبونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و ڕاگر و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە بوارى پزیشکى نێوان هەردوو زانکۆ کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر خستەڕوو، بۆ ئەوەش باسى لەو دەسکەوتە زانستیانە کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا بەدەستهاتووە، بەتایبەت لە بوارى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دامەزراوە جیاکان و، بەدەستهێنانى پلەى پێشەنگ و یەکەم لەسەر ئاستى ڕیزبەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، هاوکات ڕونیشیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەنگاوە زانستیەکانى بەردەوامە بۆ بەرەوپێشچونى زیاتر، بەتایبەت لە ئێستادا کە کار دەکەن بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى دروستکردنى نەخۆشخانەى فێرکارى جیهان، کە لە بوارى پسپۆڕییە پزیشکى و تەندروستیەکاندا هەنگاوێکى بێ وێنە دەبێ لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى ئەوەى بە گرنگیەوە باسى لە زانکۆى بابل وەک زانکۆیەکى ڕەسەن و ئاستبەرزى زانستى وەسفى کرد، هیواشى خواست سەرەتاییەکى نوێ لە بوارى پەیوەندى زانستە پزیشکیەکان دەست پێ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو جۆرە ئامادەییەکى زانکۆى جیهان-هەولێرى دوپات کردەوە.
لە بەرامبەردا؛ ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى بابل دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە پیشاندا، ئینجا پەیامى سەرۆکایەتى زانکۆکەیانى بۆ دروستکردنى پەیوەندى زانستى گەیاندە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش کورتە باسێکى لەبارەى زانکۆى بابل پێشکەش کرد، بەتایبەت لە دەسکەوتە زانستیەکانیان و ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ دامەزراوە جۆراوجۆرەکان، هیواشى خواست ئەم سەردانەیان ببێتە هەنگاوێک بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکى زانستى بەهێز بەتایبەت لە بوارى پزیشکى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، کۆمەڵێک بیروبۆچونیان لە بارەى چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان خستەڕوو، هەروەک باسیان لە نەخشەڕێى پێکەوەکارکردینان بۆ داهاتوو کرد.