فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی ودبلۆماسییەكان لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باس لە ڕۆڵی زانکۆکان لە بونیادنانی دەرونی فێرخواز دەکەن
فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی ودبلۆماسییەكان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە بەرنامەی (سایکۆلۆجى) کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس كرد، ئەو بەرنامەیە کە لەلایەن سایکۆلۆجیست (ڕەفیق حەنا) پێشکەش دەکرێ، تەوەرى ئەڵقەکە تەرخانکرا بوو بۆ ڕۆڵی زانکۆکان لە بونیادنانی دەرونی فێرخواز.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا یوسف حەنا لە میانەى پێشەکى بەرنامەکەیدا پیرۆزبای لە زانکۆی جیهان- هەولێر کرد بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە ڕیزبەندی تایمزی بەریتانیا بۆ زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ساڵی 2023. پاشان کۆمەڵێک پرسیارى لەبارەى لایەنەکانى تەوەرى بەرنامەکەى خستەڕوو.
لە بڕگەیەکى دیکەى بەرنامەکەدا، پێشکەشکارى بەرنامەکە لەگەڵ فێرخوازان گفتوگۆى لەبارەى ڕۆڵی زانکۆکان لە بونیادنانی دەرونی فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی ودیپلۆماسییەکان لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە توانیان بە شارەزایی و ئەزموونی مەیدانی خۆیان کە لە ڕێگەی خوێندنەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە، بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتی ئەڵقەی بەرنامەکە دەرببڕن و وەڵامى پرسیارەکانى پێشکەشکار بدەنەوە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا مامۆستایانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی ودیپلۆماسییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی پێشکەشکاری بەرنامە یوسف حەننا وکەناڵی زاگرۆسیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان تا بتوانن بیروبۆچونەکانیان بخەنەڕوو.