پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دیدارێکى گرنگى لەگەڵ سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان ئەنجامدا
لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانکۆکان، کە هەر دوو ساڵ جارێک لەلایەن کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU) بۆ تاوتوێکردنى پرسە گرنگەکانى ڕۆژ لە بوارى خوێندنى باڵا بەڕێوەدەچێ، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دیدارێکى گرنگى لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەندرۆ دیکەس سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، وتى مایەى خۆشحاڵیمانە، کە بەشداریمان لەم کۆنفرانسە زانستیە گرنگەدا کرد، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان(IAU)ى کرد، کە وەک یەکەمین زانکۆى تایبەت لە هەرێمى کوردستان کە ئەندامى کۆمەڵەکەیانە بانگھێشتى کۆنفرانسەکە کراوە، ئینجا باسى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، بەتایبەت لە فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى و وەرگرتنى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و جێبەجێکردنى چەندین بەرنامەى جیا.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەت و پرسێکى زانستى تایبەت بە زانکۆکان کرا. لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارى و لۆگۆى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەندرۆ دیکەس سەرۆکى کۆمەڵەى نێودەوڵەتى زانکۆکان (IAU) کرد.