پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى قەتەر کۆبوەوە
لە بەردەوامى دیدار و کۆبونەوە زانستیەکانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانکۆکان، دیدارێکى گرنگى لەگەڵ دکتۆر عومەر ئەنسارى سەرۆکى زانکۆى قەتەر ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى بەو دیدارە پیشاندا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و دەسکەوتە زانستیەکانى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى قەتەر کرد، لە بەرانبەردا، دکتۆر عومەر ئەنسارى جەختى لە پێویستى داڕشتنى بنەماکانى چوارچێوەی پەیوەندی زانستى نێوانیان کردەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش، هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوان هەردوو زانکۆکە کرد و، چەندین بیروڕاى جیاوازیشیان ئاڵوگۆڕ کرد، واش بڕیارە لە ڕۆژانى داهاتودا گفتوگۆى زیاتر لە نێوان هەردوو زانکۆ بکرێ بەئامانجى داڕشتنى نەخشەڕێى پێکەوەکارکردنى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى قەتەر.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارى و لۆگۆى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەش بە دکتۆر عومەر ئەنسارى سەرۆکى زانکۆى قەتەر کرد.