پێشبڕکێیەکی زانستی لە نێوان فێرخوازانى بەشى تەندروستی کۆمەڵ بەڕێوچوو
بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و، پێشخستنی تواناکانی فێرخواز بەتایبەت لە بوارى گفتوگۆى زانستی، سەرۆکایەتی بەشی تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٢) پێشبڕکێی زانستی لە نێوان فێرخوازانی بەشەکە بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە ئامادەبوونی (مامۆستا سەروان وەسمان) سەرۆکى بەشى تەندروستى کۆمەڵ و مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو، لەلایەن مامۆستا اياد عبدالله و، مامۆستا ئارام محەمەد سەرپەرشتى پێشبڕکێیەکە دەکرا.
لەسەرەتادا، سەرۆکی بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە ئەو جۆرە چالاکیانە بۆ بەرەوپێشبردنى تواناى زانستى فێرخوازان کرد، پاشان باسى لە دیدگە و ئامانجى بەشەکەیان کرد بۆ چۆنیەتى پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا بۆ داهاتوى کۆمەڵگە بەتایبەت لە بوارى زانستى تەندروستى کۆمەڵ.
پاشان بەرنامەى کارى چالاکیەکە دەستپێکرد، کە فێرخوازان دابەشى سەر دوو گروپ لە نێوانی فێرخوازانی قۆناخى یەکەم و سێیەم کرا، دواتر چەندین پرسیار لە بوارەکانی پزیشکی، ھونەری، جوگرافیا، …ھتد بەجیا ئاراستەى هەریەک لە گروپەکان کرا، ئەوانیش بەپێى ئاستى شارەزاییان وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە، پێشبڕکێیەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان.