چاکسازى هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى فێرخوازانى بەشى یاسا
بۆ زانینى چۆنیەتى مامەڵەکردنى یاساىى لەگەڵ تۆمەتباران و تاوانباران، سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر عیماد فەتاح، فێرخوازانى قۆناخى چوارەم لە بەشى یاسا، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى هەولێریان کرد.
دواى پێشوازیکردنیان لەلایەن بەڕێوەبەرى چاکسازى هەولێر و بەخێرهێنانیان، لە دیدارێکدا، بەڕێوەبەرى چاکسازى هەولێر کورتەیەکى لەبارەى گرتوخانەکەیان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ گیراوان و حکومدران بۆ فێرخوازان باسکرد، ڕونیشیکردەوە سەرجەم مامەڵەکانمان لەگەڵ تۆمەتباران و تاوانباران لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکانى تایبەت بەمافى مرۆڤە.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، فێرخوازان چەند پرسیارێکیان لەبارەى جۆرى تاوانەکان و، مامەڵەى دامەزراوەکە لەگەڵ گیراوان و ڕاگیراوان ئاراستەى بەڕێوەبەرى چاکسازى هەولێر کرد و، ئەویش وەڵامى پێویستى پرسیارەکانى فێرخوازانى دایەوە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار و لێرسراوانى گرتوخانەکە، بەشێوەیەکى مەیدانى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى هەولێریان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى چۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارى گیراوان و ڕاگیراوان و، مامەڵەکردنى لایەنى یاساى تۆمەتباران و تاوانباران بوون.