ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى بەهاوکارى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە مافی یەکسانی دادگایکردنی نەوجەوانان دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٣٠/١٠/٢٠٢٣) سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى (PAO) و، تۆڕی دادپەروەرى بۆ بەندییەکان (JNP)، لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ سیپۆزیۆمێکى لەبارەى (مافی یەکسانی دادگایکردنی نەوجەوانان و باشترکردنی هەلومەرجی گرتنیان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدانیان) بەڕێوەبرد.
لەسەرەتاى سیپۆزیۆمەکەدا، دکتۆر عمر زبیر طاهر سەرۆکى بەشى یاسا بەخێرهاتنى ئامادەبوانى کرد، پاشان باسى لە گرنگى ئاشنابون فێرخوازان بە یاسایی نێوجەوانان و، ئەو مافانەی کە لە یاساکەدا هاتوون کرد، وتیشى لە کاتی ئەنجامدانی تاوان لە لایەن نێوجەوان و دادگایکردنی لە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و دادگایی دوو بابەتى گرنگى یاساکەن، کە پێویستە فێرخوازان ئاگادارى ئەو بابەتە بوون، بۆ ئەوەش سوپاسى ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى (PAO)، کە هەماهەنگیان بوون بۆ ڕێکخستنى ئەو سیپۆزیۆمە.
لە بەشێکی تری سیپۆزیۆمەکەدا، خاتوو (ڤالانتینا فەریق عەلى) نوێنەری ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى (PAO) باس لە گرنگی ئەو پرۆژەیەی کرد، کە لە ئێستادا ڕێکخراوەکەیان کاری لەسەر دەکات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی نێوجوان لە کاتی دادگایکردنیدا، بۆ ئەوەش ئاماژەى دیاریکردنی پێوەری دادگاییکردنی یەکسان بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و جیاوازیکردنی لەگەل یاسایە بەرکارەکان کرد.
لە کۆتایدا، دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ خستنەڕوى پرسیار و سەرنج تێبینى و پێشنیارەکانیان لەسەر چۆنیەتى جێبەجێ ردنی پرۆژەی ڕێکخراوەکە؛ بەئامانجى باشترکردنی هولومەرجی دادگاییکردنی نێوجەوانان.