کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی لەبارەى دەرمانسازی و زانستە مایکرۆبایۆلۆجیەکان بەڕێوەبرد
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠٢٣) بەچاودێرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر محەمەد ئایدن ڕاگرى کۆلێژى دەرمانسازى، کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (زانستەکانی دەرمانسازی و مایکرۆبایۆلۆجی: بەکارهێنان لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی دەرمان، کاریگەریی ئابووری، و ئاسۆی داهاتوو) بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئۆزتەکین ئەلگول (Öztekin ALGÜL) ڕاگری فاکەڵتی دەرمانسازی لە زانکۆی ئێرزنجان بیناڵی یڵدرم (Erzincan Binali Yıldırım University) و، دکتۆر رۆناک ئێرسان (Ronak Ersan) مامۆستا لە کۆلێژى دەرمانسازى زانکۆى مێرسین (Mersin University) لە تورکیا دوو بابەتى زانستیان پێشکەش کرد.
لە میانەى باسەکانیان تیشکیان خستە سەر بەکارهێنانە نوێیەکان کرد بۆ دۆزینەوەی دەرمانی مۆدێرن و بەرهەمهێنانی دەرمانی کاریگەر بەرز لە چەندین بواردا، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە ژێر چاودێری توێژەران وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە، کە ئەوەش لە ڕووى پزیشکى و ئابوورییەوە کاریگەرى گەورەى دەبێ لە داهاتودا.
هاوکات باسى پلانەکانی داهاتووی نزیک و درێژخایەنیان لە بواری دۆزینەوەی دەرمانی مۆدێرن و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئابووری لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە جیهان بەگشتى کرد، بۆ ئەوەش لایەنە جیاکانى باسەکەیان خستەڕوو.
وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆکردن لەبارەى چۆنیەتى گرنگیدان بە گۆڕینی بیرۆکە زانستییەکان بۆ توێژینەوەی کارپێکراو، هەروەها لە بواری داهێنان و باشترکردنی ئەو دەرمانانەی کە لە چارەسەری شێرپەنجەدا بەکاردەهێنرێن لە نێوان ئامادەبوان و پێشکەشکارانى بابەتەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.