بەئامادەبونى سەرۆکى زانکۆ، یارى کۆتایی پاڵەوانێتی تۆپی پێی بەشە زانستیەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢١/٢/٢٠٢٣) یارى کۆتایی پاڵەوانیەتى تۆپى پێى نێوان تیپى فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو پاڵەوانێتیەدا، کە لە یاریگاى زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرپەرشتیارى گشتى پاڵەوانیەتیەکە بەڕێوەچوو. تیایدا هەردوو تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان و، تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ، کە سەرکەوتوبن بۆ یارى کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە، ڕوبەڕووى یەکتر بونەوە.
لەو یاریەدا، کە لە کەشێکى وەرزشى و کێبڕکێی بەهێز و بەئامادەبونى هاندەرانى هەردوو تیپ بەڕێوەچوو. بەتۆمارکردنى (2 بە 0) تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ توانیان لە تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان ببنەوە و یاریەکە لە بەرژەوەندى خۆیان کۆتایی پێ بهێنن و. ناسناوى پاڵەوانیەتیەکە بەدەست بهێنن.
لە کۆتایی یاریەکەدا، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر میدالیا بەسەر تیپە براوەکان و، هەریەک لە باشترین یاریزان و باشترین گۆڵپارێز و، گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە دابەشکرا.
پاڵەوانیەتى تۆپى پێى نێوان تیپى فێرخوازانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى بەشى کارگێڕى کار و، بەهاوکارى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بە سپۆنسەری کۆمپانیای DMK Cosmetics بەڕێوەچوو.