بەشی کارگێڕی کار بەشێوەیەکى مەیدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەسەردەکەنەوە
وەک بەشێک لە بەرنامەى کارى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەسەرکردنەوەى پڕۆژە و دامەزراوە جیاکان و ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگە جیاوازەکانى کارکردن، پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون بووە وێستگەیەکى سەردانى مەیدانى فێرخوازانى بەشەکە.
رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (10/11/2022)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرا عەلى سەردانێکی مەیدانی بۆ پرۆژەی شاری رێماس لە هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم رێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە مەیدانیەدا، کە مامۆستایانى یاریدەدەر (بێسار ئیبراهیم و دەلۆڤان وریا) هاوەڵى فێرخوازانیان دەکرد، سەرەتا ڤێلا ئامادەکراوەکانى پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەوەش لەلایەن سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە باس لە شێوازى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى کاروبارى پڕۆژەکە و پێکهاتە و چۆنیەتى فرۆشتنى و نرخەکانى کرا. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئەو ڤێلا و خانووانەیان بەسەرکردەوە، کە لە قۆناغى دروستکردندان، بۆ ئەوەش ڕونکردنەوەى پێویستان لەبارەى تایبەتمەندییەکان و چۆنیەتی بەبازاڕکردنى پڕۆژەکانیان بۆ ڕونکرایەوە.
لە کۆتایشدا، فێرخوازان لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە گفتوگۆیان لەبارەى تایبەتمەندییەکانى شارنیشینى و لایەنى بەڕێوەبردنى پڕۆژەکە دواى تەواوبوونى و چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى کارەکان کرد.