بەشی کارگێڕی کار وۆرک شۆپێک لەبارەى ئاڵنگارییەکانى بازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٥/١١/٢٠٢٣) وۆرک شۆپێکی بەناونیشانی “بازاڕکردن و ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووی کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنەوە” بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ بە بەشداری نوێنەرى چەند کۆمپانیایەکى ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و عێراق و هەرێمی کوردستان و، بەئامادەبونى مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، تیایدا چەند بابەتێکى زانستى لەبارەى ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکە پێشکەش کران.
سەرەتا مامۆستاى یاریدەدەر، ئەزوەر مەهدی ساڵح لە ڕوانگەی ئەکادیمیەوە باسی لە بازاڕکردن کرد، بۆ ئەوەش بەوردى باسی ئەو ستراتیژییە مۆدێرنانەی کرد، کە کۆمپانیاکان پەیڕەوی لێدەکەن بۆ هاندانی کڕیاران بۆ کڕینى بەرهەمەکانیان، وتیشى بەکارهێنانی ستراتیژییەکانی کێبڕکێی مۆدێرن و گرنگیدان بە ئاڵنگارییەکان یەکێکە لە میکانزکە نوێیەکانى کۆمپانیاکان. لەلایەکى دیکەوە هەرەیک لە محمد جاف بەڕێوەبەری پۆلێنکردن لە کۆمپانیای کارفور ون خاتوو وسن باهير بەڕێوەبەری بەهرەکان لە کۆمپانیای کارفور، بابەتێکیان بەناونیشانی پەیوەندی و دانوستان لە بواری بەبازاڕکردندا پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش بەخستنەڕوى ئەزمونى کارکردنیان لە بوارەکە؛ بە وردى تیشکیان خستە سەر گرنگی پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیار و، گرنگیدان بە تایبەتمەندییەکانی پێداویستی و ئارەزووەکانیان بۆ کاڵاکان، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی پەیوەندیکردنی بیرۆکەی بانگەشەکردن بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کرد، هەروەک تیشک خستە سەر گرنگی دانوستان وەک یەکێک لە گرنگترین شێوازەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیاران و بەکارهێنانی میکانیزمی دانوستاندن و ڕازیکردنی کاریگەر بۆ زیادکردنی فرۆشی بەرهەم بەشێکى دیکەى ئەو بابەتە هاوبەشەى پێکهێنا.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا؛ تاریق محمد مەسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بیمەی ئاسیا تیشکی خستە سەر گرنگی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی بیمە لە هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی، بۆ ئەوەش وتى زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانی بیمەى، ڕووداوی ئۆتۆمبێل، بەڕێوەبردنی کارى مەترسیدار و، دیاریکردنی پێداویستییەکانی بیمەی کڕیاران یەکێکە لە کارە گرنگەکان، کە پێویستە کۆمپانیاکان هەڵوەستەى لەسەر بکەن.
لە بەشی کۆتایى وۆرشکۆپەکەدا؛ عەدنان الصالحی بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی بازرگانی لە کۆمپانیای الحیات پێپسی بەوردى باسى گفتوگۆکردن و ئەو ئاڵنگارییانەى لە هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووی کۆمپانیاکانی خواردنەوە گازییەکان دەبنەوە باسکرد، هەروەک تیشکى خستە سەر خاڵە بەهێزەکانى کۆمپانیاکانیش بەتایبەت لە پرۆسەکانی بەرهەمهێناندا، وتیشى کۆمپانیا ڕوبەڕوى کۆمەڵێک ئاڵنگارى نوێ بونەتەوە، لەوانەش پارەدانی ئەلیکترۆنی و پاراستنی دڵسۆزی کڕیار لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ناسەقامگیری ئابووری و بەرزی نرخەکان لە ئێستادا.
وۆرک شۆپەکە بە گفتوگۆکردن لەسەر چەندین بابەت، کە پەیوەندییان بە تەوەرەکانی وۆرکشۆپەکەوە هەبوو، کۆتایی هات، هاوکات چەندین پرسیار وروژێنران و، لەلایەن پێشکەشکارانى بابەتەکان و نوێنەرى کۆمپانیاکان وەڵامی هەمەلایەنەى پرسیارەکانیش درانەوە.