فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بە گەشتیکی زانستی ڕادیۆی هێلین بەسەر دەکەنەوە
بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابونى فێرخوازان بە ژینگەى بوارە جیاکانى کارکردنى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە ڕێکخستنى گەشتە زانستیەکانى بۆ فێرخوازان لە فۆناغە جیاکانى خوێندن.
بۆ ئەومەبەستە، ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر سیروان ئەنوەر، فێرخوازانى قۆناغى دووەم بە گەشتێکى زانستى (ڕادیۆى هێلێن)یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن هەریەک لە (شهیما مستهفا) بەڕێوەبەرى رادیۆیی هێلین و (ناسکە سەعید) بەرپرسی بەشی میدیای ڕادیۆیی هێلین و خاتوو زوهەیلا بەرپرسی تواناسازی ڕادیۆی هێلین پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان بەرپرسانى ڕادیۆیەکە کورتەیەکیان لەبارەى مێژوى دامەزراندنى ڕادیۆ و ئامانج و پەیامى ڕادیۆیەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک باسىیان لە چۆنیەتى بەرهەمهێنانى پڕۆگرامی رادیۆیی و شێوازی بهڕێوهبردنى ڕادیۆ کرد.
پاشان بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى کارەکانیان، فێرخوازان سهردانی بهشی تهكنیك و ستۆدیۆیی رادیۆكهیان کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى کار و چالاکییەکانی ڕادیۆی هێلین و، بەرنامەکانی ڕادیۆی هێلین بوون، بۆ ئەوەش بەرپرسانى بەشەکان بەوردى باسیان لە چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى ستۆدیۆ و گواستنەوەى دەنگ و ڕێکخستنى پەیوەندى نێوان دەرهێنەر و پێشکەشکار و کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ فێرخوازان کرد.
لە کۆتایدا؛ پڕۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر سیروان ئەنوەر بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لەزانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى بەڕێوەبەر و بەرپرس و ستافى ڕادیۆى هێلین-ى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازانى بەشەکەیان.