زانکۆى لۆدزى پۆڵندى کۆرسێکى هاوینە پێشکەش بەفێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
لەبەردەوامى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى جیهان بەگشتى و زانکۆکانى پۆڵندا بەتایبەت، زانکۆى لۆدزى پۆڵندى کۆرسێکى هاوینە پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆى جیهان-هەولێر ئاگادارى فێرخوازانى بەتایبەت لە بەشەکانى کۆلێژى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان دەکات، ئەوانەى بەشداریکردن لەو کۆرسە دەکەن، سەردانى سەرۆکایەتى بەشەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنى زانیارى زیاتر و، چۆنیەتى خۆتۆمارکردن.
لەو کۆرسەدا، کە تایبەت دەبێ بە (لایەنە ژینگەییەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری جیهانی) لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە بابەتەکانى پێشکەش دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستە (٢٥) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر لە قۆناغەکانى سێیەم و چوارەمى بەشەکانى کۆلێژى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان دەتوانن بەشدارى بکەن، کۆرسەکە بۆ ماوەى دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و، لە کۆتایدا بڕوانامەى دەرچون و بەشداریکردن، کە بڕوانامەیەکى نێودەوڵەتیە لەلایەن زانکۆى لۆدز پێشکەش بە فێرخوازانى بەشداربوو دەکرێ.
ئەو بابەتانەى لەماوەى کۆرسەکە پێشکەش دەکرێن بریتین لە (گۆڕانی کەشوهەوا، کۆمەڵگە و ئابووری بەرەو گۆڕانی کەشوهەوا، گەشەپێدانی بەردەوام و، چەندین بابەتى دیکەى پەیوەست بە پەرەپێدانى ئابورى کۆمەڵگە و کاریگەرى لەسەر ژینگە)، جگە لەوەش فێرخوازان لە پەراوێزى کۆرسەکەدا گەشتى کەلتورى بەناوى شارى لۆدز دەکەن و، بەشدارى لە چەند چالاکیەکى هونەرى و کەلتوریش دەکەن.
زانکۆى جیهان-هەولێر ئاگادارى فێرخوازان دەکات دواین وادە بۆ خۆتۆمارکردن ڕێکەوتى (١٦/٤/٢٠٢٣) دەبێت و، کۆرسەکەش لە ماوەى نێوان (٢٦ی حوزەیران تا ٧ی تەمموزی ٢٠٢٣) لە زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا بەڕێوەدەچێ.
بەشداریکردن لەم جۆرە کۆرسانە؛ جگە لە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و لێهاتویی فێرخوازان، لەهەمان کاتدا دەبێتە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى خوێندن و لایەنى کەلتورى و کەلەپورى کۆمەڵگە جیاکان بن.