فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە قوتابخانەیەک ئاشنایی ڕێگەکانى وانەوتنەوە دەبن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر مەرجان عەباسیان، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناخى چوارەم لە بەشى زمانى ئینگلیزى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەى بارزى ناحکومیان کرد.
بەگەیشتنى فێرخوازان بەقوتابخانەکە، بەگەرمى لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى قوتابخانەکەیان و سیستمى خوێندن پێشکەش بەفێرخوازان کرد، وتیشى لە قوتابخانەکەماندا کتێبخانەیەکى تایبەتمان هەیە کە هەفتانە دەبێ فێرخوازانى قوتابخانەکەمان سەردانى بکەن تا زیاتر ئاشناى خوێندنەوە و دونیاى نوسین ببن.
دواتر، فێرخوازان سەردانى بەشى ڕاگەیاندنیان کرد، کە ئەرکى سەرەکیان لە پاڵ ناساندنى قوتابخانەکەیان، کورتە ڤیدیۆى پەروەردەى ئامادە دەکەن و بڵاوى دەکەن، ئەوەش ڕونکرایەوە لەکاتى بڵابونەوەى پەتاى کۆرۆنا ئەو پارچە ڤیدیۆیانە ڕۆڵى کاریگەریان هەبووە لە دانەبڕانى فێرخوازان لە پڕۆسەى خوێندن.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشەکانى هونەر و میوزیک و ڕاهێنانى ئامێرە مۆسیقاکانیان بەسەرکردەوە، لەو بەشەدا جگە لەدابینکردنى ئامێرە مۆسیقیەکان لەهەمانکاتدا چەندین تابلۆی هونەرى نمایش کراوە.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە چەند پۆلێک لە نزیکەوە ئاشنایى میتۆد و ڕێگەکانى فێرکردنى فێرخوازان لە قوتابخانەکە کران، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەش ڕونیکردەوە لە قوتابخانەکەیاندا سیستمى کامبریدج پەیڕەو دەکەن و بڕوانامەى باوەڕپێکراوى نێوەدەوڵەتى دەبەخشینە دەرچوانمان.