فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بە گەشتێکی زانستی یەکێک لە کۆمپانیاکانى دابەشکردنى خۆراک بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کۆمپانیا و دامەزراوە جیاکان و، لە نزیکەوە ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى بەڕێوەچونى کاروبارەکان، ڕۆژى پێنچشەممە ڕێکەوتى (٤/١١/٢٠٢١) گەشتێکى زانستى بۆ کۆمپانیاى ئەلیوسرا بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی خۆراک ڕێکخست.
سەردانەکە بەسەرپەرشتى مامۆستا (سەحەر جەلال فەتاح) و، مامۆستایانى یاریدەدەر (بوشرى عەلى) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن سەرپەرشتیارى بەبازاڕکردنى بەرهەمەکانى کۆمپانیاکە لە هەرێمى کوردستان پێشوازیان لێکرا، پاشان لەگەڵ بەسەرکردنەوەى بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمپانیاکە ڕونکردنەوەى پێویستى پێشکەش بەفێرخوازان کرد بەتایبەت چۆنیەتى ئامادەکردن و دانانى بارکۆدى نوێ (barcode) کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان کۆگاکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە بەتایبەت کۆگاکانى ساردەکەرەو بۆ پاراستنى بەرهەمەکان لە تێکچون و خراپبون بەتایبەت گۆشت و بەرهەمە خۆراکیە سپیەکان، کە دەبێ لە پلەیەکى دیاریکراو ئەمبار بکرێن.
بەسەرکردنەوەى بەرهەمە وشکەکان لە کۆمپانیاکان وێستگەیەکى دیکەى سەردانى فێرخوازان بوو، کە بەشێوەیەک دیزاین کراوە پلەی گەرمای ئەمبارکردنیان لە ئاستێکدایە ڕێگری خراپبوون و خێراکردنی ماوەی بەسەرچوونیان دەکات.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، ئاشناى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى هەڵگرتن و گواستنەوەى بەرهەمەکان بەئامێرى تایبەت بوون، کە تایبەت بە بوارەکە دیزاینکراون، سەردانەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان.