فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی ژینگەيان بەڕێوەبرد
بۆ پاراستنی سیمای سروشتی و پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢/٤/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی مەیدانیی بۆ پاککردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری ناوچەی شێخ توراب ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆک بەشی کارگێری کار و بە بەشداریی کارای مامۆستایان و گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی هەڵمەتەکەدا، کەرەستەی پێویست وەک دەستکێش و کیسی زبڵ و کەلوپەلی پاراستن بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرا، دواتر فێرخوازان بە گڕوتینێکی زۆرەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکە کرد، کە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، بەڵام بەهۆی پاشماوەی گەشتیارییەوە دوچارى پیسبوونی ژینگەیی ببوو، هەربۆیە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە لە پاشماوە پلاستیکی و زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە.
مامۆستا و فێرخوازانی بەشداربوو لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگەی کوردستان، بەڵکو گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و بەرپرسیارێتی مەدەنی لای نەوەی نوێ بەهێز دەکات.







