فێرخوازانى ژمێریاری پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕیکەوتى (17-11-2022،) سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ پرۆژەی نیشتەجێکردنی پاڤیلیۆن لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستا هاشم محمد خەیر سافی بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوبەری فرۆشتنی کۆمپانیاکە پێشوازیان لێکرا، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى پڕۆژەکەیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، پاشان شێوازی کارکردنی لە کۆمپانیاکەیان و جۆرەکانی خانووبەرەی بەردەست لە پرۆژەکەیان بۆ فێرخوازان شیکردەوە، لەگەڵ شێوازی فرۆشتن و ئۆفەرە بەردەستەکان.
پاشان بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە باسى لە چۆنیەتی تۆمارکردنی کارەکانی ژمێریاری لە کارەکانی بەڵێندەرایەتی و کڕینی کەرەستەی خاو و، چۆنیەتی دابەشکردنی کارى ژمێریاری کۆمپانیاکە و تۆمارکردنی ژمێریاری بەڵێندەران و، لایەنى ژمێریاری بۆ فرۆشتن، شێوازەکانی حیسابکردن و تۆمارکردنی ڕێژەی سەدی فرۆشیاران و خەرجییەکانی کۆمپانیاکە بەوردى بۆ فێرخوازان باسکرد.
لە کۆتایشدا، فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەى لایەنى ژمێریارى و، چەند بابەتێکى دیکەى پەیوەست بەلایەنەکانى دیکەى پڕۆژەکە ئاراستەى سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد.