زانکۆى جیهان-هەولێر و سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان ڕێکەوتنامەیەکیان ئیمزا کرد
بەئامانجى توندوتوڵکردنى پەیوەندییەکانى نێوان و، داڕشتنى نەخشەڕێى کارى هاوبەشى نێوانیان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر لە بوارى ئەندازیارى، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر نەقیبى ئەندازیارانى کوردستان ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەشیان ئیمزا کرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/١١/٢٠٢٢) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە ئەندازیارى عبدالرحمن علی کوردە نەقیبی ئەندازیارانى کوردستان کرد، لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەى نەخشەڕێى کارى داهاتوى پەیوەندییەکانى نێوانیان کرا، بەو بۆنەیەوە سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان پاڵپشتى بۆ کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە کردەوە و، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکى ئەکادیمى و زانستى دەرگاى کرایەوە بۆ سەرجەم سەندیکاى ئەندازیاران بەتایبەت و سەرجەم و ڕێکخراو و دامەزراوە حکومى و تایبەتەکانى دیکە بەگشتى.
لە بەرامبەردا، ئەندازیارى عبدالرحمن علی کوردە نەقیبی ئەندازیارانى کوردستان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئێمەش خۆشحاڵین بەم ڕیککەوتن و لەیەکتر نزیکبونەوەیە، خۆشحاڵین کە کارەکانمان بەکردنەوەى خولێک لەگەڵ ئێوە دەستى پێکرد، مایەى خۆشحاڵیمانە کە مامۆستایانتان خاوەن توانا و لێهاتوییەکى بەرزن.
پاشان لە مەراسیمێکدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەندازیارى عبدالرحمن علی کوردە نەقیبی ئەندازیارانى کوردستان ڕیکەوتنامەى هاوبەشى نێوانیان ئیمزا کرد.
دواى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکەى نێوانیان، لە دوو وتەى جیادا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان هیوایان خواست خاڵەکانى ڕێکەوتننامەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ خزمەتکردنى زیاترى ئەندازیاران لەلایەکى و فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى لەلایەکى دیکە، تا لە داهاتودا پێکەوە بتوانن بەشێوەیەکى کارامەتر بەشدارى لە بونیادنانەوەى ژێرخانى کوردستان بکەن.
لە ئامانجى سەرەکى ڕێکەوتنامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە سەندیكای ئەندازیارانی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی پیشەیی تایبەت بە كاروچالاكی ئەندازیاران و زانكۆی جیهان- هەولێر وەك دامەزراوەیەكی ئەكادیمی و فێركاری بۆ پێگەیاندنی ئەندازیار و، لە پێناو ئاشناكردنی فێرخوازانى بەشە ئەندازیاریەكانی زانكۆ بە بازاری كاری ئەندازیاری لەلایەن سەندیكای ئەندازیارانی كوردستانەوە، هەروەها سوود وەرگرتنی ئەندازیارانی ئەندامی سەندیكا لە ئەزموونی مامۆستایانی بەشە ئەندازیاریەكانی زانكۆ لە پسپۆریە جیاوازەكان ئەو ڕێکەوتنامەیە ئیمزا کراوە.
هەروەک لە خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکەدا هاتووە، هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی سیمینار و وۆرك شۆپی هاوبەش لە بوارەكانی پسپۆڕە جیاكانی ئەندازەیی و بەرێوەبردن بە هەڵوەستەكردن لەسەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان و جیهان و گۆڕانكاریە زانستیەكان لە پێناوی دەوڵەمەندكردنی توانا زانسیتەكانی ئەندازیارانی كوردستان و، بە سوود وەرگرتن لە پسپۆڕان و ئەندامانی هەردوولا، لەگەڵ ئەنجامدانی سیمینار بۆ فێرخوازانى قۆناغی كۆتایی بەشە ئەندازیاریەكانی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆ لەلایەن ئەنجومەنی سەندیكاوە بۆ ئاشناكردنیان بە قۆناغی دوای زانكۆ و بازاری كاری ئەندازیاری و كاری سەندیكایی.
هەر بەپێى ڕێکەوتنامەکە، خوولی جۆراوجۆر و راهێنانی ئەندازەیی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە بۆ ئەندازیاران و فێرخوازانى دوا قۆناغەكانی بەشەكانی ئەندازیاری لە زانكۆ و كەسانی تر دەکرێتەوە، ئەوەش بە سوود وەرگرتن لە ئەزموون و پسپۆڕی ناوەخۆیی و هێنانی پسپۆڕی دەرەكی لە كاتی پێویستدا. جگە لەوانەش سوود لە مامۆستایانی زانكۆى جیهان-هەولێر بۆ كارووباری سەندیكایی وەردەگیرێ و، هەردوولایەنیش بەشداری لە كۆنفڕانس و چالاكیەكانی هەردوولایەن بەتایبەتی بواری ئەندازیاریدا دەکەن.
لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوولی راھێنانی (ریڤیت) بۆ ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی کرایەوە، لەماوەى خولەکەدا لەلایەن مامۆستایانى بەشەکانى ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەى تیۆرى و پراکتیکى وانەى ئەندازیارى پێشکەش بەئەندامانى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان دەکرێ و، ئاشناى نوێترین مکیانزمەکانى کارکردن لە بوارەکانى ئەندازیارانی تەلارسازی و شارستانی دەکرێن، بە ئیمزاکردنى ئەم ڕێکەوتنامەیەش پەیوەندییەکانى نێوانیان دەچێتە قۆناغێکى گرنگ و باشتر.