
فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان چالاکییەکی هۆشیاریی لە ئامادەیی شامی حکومیی کچان ئەنجام دەدەن
- Categories بەشی وەرگێڕان
- Date ئەیلوول 29, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 27/09/2026، لە ئامادەیی شامی حکومیی کچان، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشی وەرگێڕان لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکییەکی هۆشیاریییان بە سەرپەرشتیی مامۆستا پۆلا تەحسین محەمەد سەرۆکی بەشى وەرگێڕان ئەنجامدا.
لە سەرەتای گەیشتنیان، لەلایەن گوڵستان وەسو خدر بەڕێوەبەری ئامادەیی شامى کچان و دکتۆر جیهان نیزامەدین عەبدولسەمەد مامۆستای زمانی ئینگلیزی پێشوازی لە فێرخوازان کرا. لە کاتی چالاکییەکەدا، سەرەتا فێرخواز هاجەر سمکۆ باسی لە گرنگیی بەردەوامیی لە خوێندن و بەدواداچوونی ڕۆژانەی وانەکان کرد و، ڕوونی کردەوە کە دواخستنی وانەکان دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی بابەتەکان و قورسوبوونی تێگەیشتنیان لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا. لەلایەن خۆشییەوە، فێرخواز دیانا سەمەر تیشکی خستە سەر ڕێکخستنی کاتی خوێندن و دابەشکردنی هەوڵەکان لە نێوان بابەتەکاندا و، جەختی لەسەر پێویستیی گرنگیدان بە سەرجەم وانەکان کردەوە.
هەروەها فێرخواز عائیشە خالید باسی لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە قورسەکان کرد و، هانی قوتابیانی قوتابخانەکەیدا بۆ پرسیارکردن لەبارەی ئەو بابەتانەی تێیان نەگەیشتوون. لە هەمان کاتدا، فێرخوازان عەبدوڵڵا ثامر و محەمەد یونس جەختیان لەسەر کۆڵنەدان و هەوڵدانی بەردەوام کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، قوتابیانی ئامادەیییەکە لەگەڵ فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان گفتوگۆیان لەبارەی ڕێگەکانی ڕێکخستنی کات، تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی وانەکان و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان کرد.



