فێرکردن و فێربوونى کارلێک لەسەر ئینتەرنێت لە سیمپۆزیۆمێکى زانکۆى جیهان-هەولێردا
لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیەکانى سەردەم و گۆڕانکارییە تازەکان و، لە زانکۆى جیهان-هەولێر سیمپۆزیۆمێکى زانستى بەڕێوەچوو، کە تیایدا باس لە گۆڕانکارییە نوێیەکانى سیستمى خوێندن و چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیاى نوێ بۆ فێربوون کرا.
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠٢١) بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر سەرۆکى زانکۆى جیهان و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر نادر نانەکەلى ڕاوێژکارى دەستەى ئەمیندارییەتى زانکۆکانى جیهان ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، لە درێژەى کار و چالاکیەکانى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سیمپۆزیۆمێکى زانستى بەناونیشانى (فێرکردن وەک مۆدیلى ڕۆڵ) بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکى سپمپۆزیۆمەکەدا، کە لە هۆڵى (vip) زانکۆى جیهان-هەولێر ئەنجامدرا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان باسى لە گرنگى سیمپۆزیۆمەکە و تەوەرە جیاکانى کرد و، ڕاگەیاند لە بوارى فێربوون و خوێندندا گۆڕانکارى نوێ دێتە ئاراوە، زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە هەوڵیداوە لە هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆى بگونجێنى بۆ خزمەتکردنى زیاتر بە فێرخوازان بەتایبەت و کۆمەڵگە بەشێوەیەکى گشتى.
پاشان دکتۆر (حەسەن فەهمى) بابەتێکى بەناونیشانى (فێرکردن و فێربوونى کارلێککردن لەسەر ئینتەرنێت) پێشکەشکرد، لەسەرەتاى باسەکەیدا کورتەیەکى لەبارەى خوێندن بەڕێگەى ئینتەرنێت و گرنگترین بەرنامە خزمەتگوزارییەکانى بوارەکە و تایبەتمەندییەکانى باسکرد بەتایبەت (بەرنامەى مۆدڵ) کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵى (٢٠١٩)ەوە بەکارى دەهێنێ.
پاشان بەوردى باسى لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە بەرنامەى مۆدل کرد لە پرۆسەى فێربوون، وتیشى لەو دۆخە تەندروستیەى کە بەهۆى کۆرۆناوە جیهان پرۆسەى خوێندن گیرۆدەى بووە، ئەم بەرنامەیە چەندین سوودی هەبووە، بەتایبەت لە بەردەوامیدان بەپرۆسەى خوێندن و پێشکەشکردنى وانەکان…هتد.
بابەتەکە بەخستنەڕووى بۆچوون و پرسیارى ئامادەبووان لەبارەى لایەنە جیاکانى هەریەک لەو بەرنامەیە و بەرنامەکانى دیکەى فێربوون و وەڵامدانەوەى پرسیارەکان لەلایەن (دکتۆر حەسەن فەهمى) کۆتایی پێهات.