گرنگى ئامادەبوونى جەستەى مامۆستا و جوڵەکانى لە پۆل لە سیمپۆزیۆمێکى زانکۆى جیهان-هەولێردا
لە درێژەى کار و چالاکیەکانى سیمپۆزیۆمى زانستى (فێرکردن وەک مۆدیلى ڕۆڵ)بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتێک بەناونیشانى (ئامادەبوونى جەستەیی مامۆستا و جوڵەکانى لە پۆل) پێشکەشکرا.
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠٢١) بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، مامۆستاى یاریدەر (دەشنێ سەعید عەبدوڵلا سەعید) لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتەکەى پێشکەش کرد.
لەسەرەتادا ئامانجەکانى باسەکەى خستەڕوو و ڕایگەیاند: لە چەند ڕوویەکەوە گرنگە مامۆستا لەناو پۆل ئامادەبوونى هەبێ لەوانە، بەهۆى جوڵەکانى وا لە فێرخواز دەکات باشتر ئاگادارى وانەکان ببن، بۆیە گرنگە مامۆستا شێوازى ڕاوەستانى و زمانى جەستەى تەواوکەرى یەکتر بن، چونکە جوڵەى مامۆستا کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر ڕادەى تێگەیشتى فێرخوازان، هەروەها هاتوچۆکردن لەناو پۆل و ڕاوەستان لە کۆتایی پۆلدا گرنگى خۆى هەیە بەتایبەت ئەو مامۆستایانەى بۆرد بەکاردەهێنن و هەندێ جار ڤیدیۆ یان بەداتا شۆ زانیارییەکان دەخەنەڕوو, ئەوەش لە پێناو ئەوەى فێرخوازان زیاتر سەرەنجیان لەلاى بابەتەکە بێ.
بابەتەکە بەخستنەڕووى بۆچوون و پرسیارى ئامادەبووان لەبارەى لایەنە جیاکانى بابەتەکە و وەڵامدانەوەى پرسیارەکان لەلایەن (مامۆستاى یاریدەر دەشنێ سەعید عەبدوڵڵا) کۆتایی پێهات.