فێربوونى زمانى ئینگلیزى بەڕێگەى ئامرازەکانى بیستن و بینین لە سیمپۆزیۆمێکى زانکۆى جیهان-هەولێردا
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠٢١) بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، لە درێژەى کار و چالاکیەکانى سیمپۆزیۆمى زانستى (فێرکردن وەک مۆدیلى ڕۆڵ)بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتێک بەناونیشانى (فێربوونى زمانى ئینگلیزى بەڕێگەى ئامرازەکانى بیستن و بینین) پێشکەشکرا.
ئەو بابەتە کە لەلایەن (ڕۆژین حسین ڕەحمان) لە هۆڵى سمینارەکانى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا کورتەیەکى لەبارەى خوێندن بەڕێگەى ئینتەرنێت و گرنگترین بەرنامە خزمەتگوزارییەکانى بوارەکە و تایبەتمەندییەکانى باسکرد.
پاشان بەوردى باسى لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لەو هەریەک لەو بەرنامانە کرد بۆ فێرکردنى زمانى ئینگلیزى، بەتایبەت لەو دۆخە تەندروستیەى کە بەهۆى کۆرۆناوە جیهان گیرۆدەى بووە، ڕونیشیکردەوە هەریەک لەو بەرنامانە چەندین سوودیان هەیە، بۆ نموونە بەهۆیانەوە مامۆستا دەتوانێ بەردەوامى بەپرۆسەى خوێندن بدات و, فێرخواز لە خوێندنەکەى دانەبڕێت، لەهەمانکاتدا زانیارى نوێ بۆ مامۆستایان بەردەست دەخات، لە کۆتایشدا چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەکى خستەڕوو بۆ چۆنیەتى سوود وەرگرتن لەو بەرنامانە بۆ درێژەدان بەپرۆسەى خوێندن و فێربوو لە کوردستان.
بابەتەکە بەخستنەڕووى بۆچوون و پرسیارى ئامادەبووان لەبارەى لایەنە جیاکانى هەریەک لە بەرنامەکان و وەڵامدانەوەى پرسیارەکان لەلایەن (ڕۆژین حسین ڕەحمان) کۆتایی پێهات.